ناگیهان ئاکارسەل لە ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی خێلیکانی سەر بە شارۆچکەی گولیازی شاری کۆنیای تورکیا لە دایکبووە. تەمەنی منداڵی لە سروشت و دەشتە فراوانەکانی گوند-دا بەسەربرد، بۆیە هەمیشە باسی لە یادگاریی و بەسەرهاتەکانی کردووە، لە وتەکانیدا ئازادیی و جوانییەکانی سروشت هەستی پێدەکرا، لە منداڵیدا زۆر تامەزرۆی چیرۆکەکانی ژنانی کردووە، هەرچەندە ژیانی لە کۆمەڵگەیەکی باوکسالاردا بوو، بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ باوکی هاوڕێیانە بووە.
بەهۆی کولتوور و ئەو بیروباوەڕانەی لە گوندەکەیاندا هەیانبووە، پیرۆزبینینی خۆر، ئاگر و گەنم، خۆشەویستییەکی زۆری لە ناخیدا بۆ ناوچەکانی دێرسیم و شەنگال دروست کرد. خەم و پەژارەی گەلێکی دەربەدەرکراو، چارەنوسێکی هاوبەشی لەگەڵ ئەو هەبوو. لەو جێیەی لە دایک بوو، خوێندی و ئامادەیی تەواو کرد. لە ساڵانی یەکەمی خوێندنی بەیەکەم زلەی مامۆستاکەی چاوی لەو ستەمە کرایەوە کە لە گەلی کورد دەکرا.
لە ماوەی ساڵانی خوێندنی لە زانکۆی غازی، فاکەڵتی ڕاگەیاندنی تەواو کرد، دواتر لەڕێی بزووتنەوەی گەنجانەوە، بە فەلسەفەی بزووتنەوەی ئازادی ئاشنا دەبێت. ئەوە بووە کردنەوەی دەرگای کاروان، گەڕان و حەقیقەت.
ناگیهان وەڵامێکی سادەی هەیە؛ لە نامەیەکدا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ بۆ هەڤاڵانی خۆی دەڵێت؛ ”با نهێنیەکی خۆمتان پێ بدەم. لە منداڵیمەوە هەمیشە لێگەڕێنێم هەبوو، لە مەسەلەی تێگەیشتن لە گەردوون و دروستکردنی ڕایەڵەم لەگەڵیدا. هەمیشە بوونەوەرێکی بەدەر لە مرۆڤم دەستنیشان دەکرد و لەگەڵی دەکەوتمە گفتوگۆوە. لەبەر ئەوەی لە لای ئێمە دار نەبوو، بەنرخترین شت لە لام دار بوو. دار شتێکی بەردەست نەبوو. لە هەر کوێ دارێکم لەو بیابانەی ئێمەدا دەبینی، دەچووم دەستم لێدەدا. بەڵام بەو پێیەی دار لە هەموو شوێنێک نەبوو، زیاتر خۆر، مانگ، ئەستێرە، چیمەن و هتد… دەبوونە هاوڕێم. دواتر بە تایبەت لەگەڵ هاتنم بۆ وڵات، ئاو و درەختی زۆر بوو. ئەم پەیجورەم کاتێ بەرەو زیاد بوون دەچوو، بەوەم زانی کە دارەکان چۆن بەرەو ئاسمان لق دەدەن و هەڵدەکشێن، ڕەگیان بە خاکدا ڕۆدەچن و لەگەڵ یەک لە پەیوەندیدان. بیر بکەرەوە، دەستت لە دارێک داوە، ڕەنگە هەموو دارەکان هەستیان بەو دەست لێدانە کردبێت. دۆخێکی نائاساییە”
دوای ئەوەی بەشێوەیەکی چالاک بەشداری خەباتی یەکێتی جەوانانی کوردستان دەبێ، لە ساڵانی ٢٠٠١- ٢٠٠٧ زیندانی دەکرێت. لە دوای ئازاد کردنی دەست بە کاری ڕۆژنامەگەری دەکات. پەیامنێریی و سەرنووسەری لە ئاژانسی هەواڵی دیجلە کرد. مامۆستایی بۆ زۆرێک لەو ڕۆژنامەوانانە کرد، کە تا ئێستاش کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن. هەمیشە ناگیهان هەنگاوی یەکەمی ناوە لە کارە نوێیەکاندا. لە دامەزراندنی ژن نیوزدا یەکێکە لە باوەڕمەندانی ئازادی ژن.
کاتێک کاری ڕۆژنامەگەری دەکرد، لە بەشی لێکۆڵینەوەی ژن لە زانکۆی حاجەتەپەی دەیخوێند. بەو پێیەش بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی هەواڵسازی ژن. ناگیهان دەیویست شتێک زیاتر لە ڕۆژنامەگەری بکات، کە بە شایستەییەوە لە ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ ئەنجامیدابوو.
بەم شێوەیە بە عەشقەوە دەستی بە هەوڵەکانی بۆ دانانی بەردی بناغەی ژنۆلۆژی لە ساڵی ٢٠١٥ەوە کرد. باوەڕی ناکۆتای بە حەقیقەتی ژن و ئەزموونی نیوەچڵماوی تێکۆشانی سەدە. هەم ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی بووە، هەم لەو نووسەرانە بووە کە وتارەکانی لە هەر ژمارەیەکیدا کۆمەکێکی گەورەی بە ناوەرۆکەکەی کردووە و ئاسۆیەکی نوێی دەکردەوە، وانەی لە لە فاکڵتی ژنۆلۆژی و ناوەندەکانی ژنۆلۆژی لە عەفرین و جزیرە دەوتەوە. لەگەڵ گروپێک لە ژنان لێکۆڵینەوەی سۆسیۆلۆژی لە سەر شەنگال کرد. گوێی لە بەسەرهات و چیرۆکەکانی دایکان، ژنانی شەڕڤان، کچانی گەنج و شیفاگەران دەگرت.
ناگیهان لەم کاروانەدا هەر حەقیقەتێکی پێی دەگەیشت دەیگەیاندە کۆمەڵگە. ئەو فێرکار بوو کە چۆن وشەکان لەگەڵ شۆڕش، کۆمەڵگە و ژیاندا ئاوێتە بکات و واتای پێبدات. ئەو جوانناسی بە ”جوانکردنی ژیان” پێناسە دەکرد. دەیگوت؛ ئەگەر ژیان جوان نەکەین، هەموو جوانییەک لە مەترسیدایە، جوانیشی سەرەتا لە ئازادکردنی ڕۆحی ژندا دەبینیەوە. هەر بۆیە دەڵێ: “لە سەردەمێکدا دەژین کە مرۆڤ تەنانەت بە گومانەوە لەو بەهایانە دەڕوانێت کە باوەڕی پێیەتی.“ بەو شێوەیەش ڕێی حەقیقەتی بە قسەکانی ڕۆشن دەکردەوە.
ناگیهان بۆ گەیشتن بە نهێنی ژن، ڕێگاگەلێک و مەوداگەلێکی بڕی. بێ شەرت و مەرج، بێ دووڵی، بێ پاساوهێنانەوە و بێ گلەیی و سکاڵاکردن کاری کرد. نە لە خۆی هەڵدەهات و نە لە خاک و کۆمەڵگە. هەر خۆشی هۆکارەکەی دەخاتەڕوو: “سەرسامبوون بە هزرێک و گەورەبوون بە هێزی دەربڕینەکەی وەک خۆشەویستیە لە یەکەم نیگاوە. لە ساتەوەختێکدا ڕوودەدات. بەڵام تێگەیشتن لەو هەستە و دەربڕینی، کاتێکی درێژی دەیەوێ”.
یەکێک لە وێستگەکانی ئەو ڕێیەی باشوری کوردستان بوو. لە ساڵی ٢٠١٩ هەنگاوێکی تری نا بەرەو داهێنانێکی نوێ. لە ماوەیەکی کورتدا خۆی فێری زمانی کوردی – زاراوەی کرمانجی ناوەڕاست-سۆرانی کرد و خۆی گەیاندە زۆر کەسی جیاواز.
بە ئەشق و جۆشەوە، لەگەڵ هونەرمەندانی ژن هەنگاوی پرۆژەی ”خۆبوونی” نا، دەیزانی خۆبوون زەحمەتە، بەڵام ئەو مۆمی هیوای داگیرساند. ئەگەر ڕۆژانە دەیان جار دووبارەی بکردایەوە وای دەزانی قەت ئاماژەی پێنەکردووە کاتێ دەیگوت: دەبێ ژن یەکتریان خۆش بوێت و یەکگرتوو بن. هەر ئەوەیە ئێمە ئازاد دەکات و تەنانەت پیاویش ئازاد دەکات. خەونە گەورەکەی ناگیهان کۆکردنەوەی یادگای مێژوویی ژنی کورد بوو.
بۆ ئەوەش زەمینەی بەشداریی زۆر ژنی ڕەخساند لە پرۆژەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد. ناگیهان ئاکارسەل لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەرمەی سەرقاڵبوونی بە یەک لە گەورەترین خەونەکانی لە ژیانیدا، لە شاری سلێمانی بە ١١ فیشەک پێکرا. ناگیهان کە گەڕیدەی حەقیقەتی ژن بوو بە ڕۆژی ڕووناک و بەبەرچاوانەوە پێکرا. هاورێکانی لە ناوەندەکە بە پێداگرییەوە بڕیاریان دا کە درێژە بە خەونەکەی ناگیهان و خۆیان بدەن بە کردنەوەی ناوەندی ئەرشیف، توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد. هەروەها لەم ماڵپەرەدا بەشێکی تایبەتی لە خۆوە دەگرێت بۆ دانانی بەرهەمەکانی ناگیهان ئاکارسەل و هەموو ئەو بەرهەمانەشی کە لەسەر ئەو نوسراوە و دەنوسرێت.