ئامانجەکانی پەرتووکخانەی ژنی کورد

ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی ژنی کورد بەپێی ئامانجەکانی، هەڵگری پرەنسیپی کاریگەری لەسەر ڕۆژی ئەمڕۆ، هەم جێیەک دەگرێت لەژیانی ژنان دا و هەم کار دەکات لەسەر ئایندەیەک کە بونیادنراوبێ لەسەر ژیانێکی ئازاد بۆ ژنان. هەرچەندە لە سەرەتادا ئاماژەمان بە بەشێک لەو ئامانجانە کرد، بەڵام دەبێ بگوترێت کە بەپێی پێویست دەکرێت نوێبونەوە لە ئامانجەکان و فراوانکردنیاندا بکرێ.

ا- بوونە سەکۆیەکی بزوێنەر بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی ژنان لە بوارەکانی وێژە، هونەر، ئاکادیمی، سیاسەت، فەلسەفە، زانست و زۆر بواری تری جیاواز، بۆ گفتوگۆی هزری، ئەنجامدانی توێژینەوە، تۆمارکردنی یادەوەری مادی و کلتوری ژنان و ئالۆگۆڕکردنیان لەگەڵ یەک.

ب- کارکردن لەسەر پێکەوەنانی مێژووی زارەکی ژنی کورد و ژنانی دیکەش کە لە هەمان جوگرافیادا پێکەوە دەژین بە تایبەتی لە گوندەکان و لەو جێیانەی کلتوری ژن بەهێزە، هەر لە کۆکردنەوەی چیرۆکی داپیران، یادەوەری و تۆمارکردنی گێڕانەوەکانیان.

ج- کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی توێژینەوە و بەرهەمە کلتوری، وێژەیی و زانستیەکان، یادەوەری و ئەرشیفە کەسییەکانی ژنانی هەرچوار بەشی کوردستان و ژنانی کورد لە جیهان لە جێیەک و پۆلێنکردنیان و کردنەوەی بۆ سودی توێژەران.

د- ئاشکراکردنی زانیاری لەسەر مێژووی ئەو ژنە کوردانەی تا ئێستا لە مێژوودا پەراوێزکراون، مسۆگەرکردنی گواستنەوە و دەستڕاگەیشتنی نەوەکانی داهاتوو بەو زانیاریانە.

ه- کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری لەسەر ڕێکخراو، دامەزراوە و دەزگا چالاکانی ژنان لە ڕابردوو و ئێستادا لە کوردستان و ئەزمونەکانیان لە یەک ناونیشاندا، فەراهەمکردنی دەستڕاگەیشتنی هەموو کەسێک بەو زانیاری و ئەزمونانە.

و- بۆ فەراهەمکردنی گەیاندنی زانیاری و بەڵگە بە ناوەند، درێژەدان بە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە و دامەزراوەکانی ژنان و ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانە، دامەزراوە ئاکادیمیی و کەسانەی کە بەهەمان ئامانج کار دەکەن.

ز- سازکردنی تۆڕێکی پەیوەندی ژنانی کوردستانیی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و جیهانەوە کە ژنانی ئاکادیمیی، نوسەر، هونەرمەند و ڕۆشەنبیر بگەیەنێتە یەک.

ح- سازکردنی پەیوەندی و ئالۆگۆڕی بەڵگە و زانیاری لەگەڵ ئەو ناوەندی توێژینەوە و کتێبخانانەی لەدەرەوەی وڵات هەڵگری هەمان ئامانجن.

ت- بەڕێوەبردنی کاروباری وەک کۆنفرانس، پانێل، ڕۆژانی خوێندنەوە، دانیشتنی کراوە، سازکردنی پێشانگا لە بونیادی کتێبخانەکەدا و بەو ڕێیەش گەیاندنی دەنگی ژنان و وشیارکردنەوەیان.

ک- دیجتاڵکردنی بەرهەمە چاپکراوەکان. ئەنجامدانی کاروباری دیجتاڵكردنی سەرچاوەکان، بۆ دەستڕاگەیشتنی هەموو کەسێک بە ئەرشیف و بەڵگە کۆکراوەکانی ئەرشیف و کتێبخانەکە و کردنەوەی بەڕووی دەرەوەدا.

گەڕانەوە بۆ سەرەوە