ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف و پەرتووکخانەی ژنی کورد بەرز ڕاگیرا

ئەمڕۆ دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوەی پەرتووکخانەی ژنی کورد بەرزڕاگیرا و ژنان جەختیان کردەوە، هەر نەتەوەیەک بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی مێژووی خۆی دەبێت لە کۆکردنەوەی ئەرشیفەوە دەست پێ بکات.

ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی، بەدەستپێشخەری ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوە و پەرتووکخانەی ژنی کورد، بە مەڕاسیمێکی تایبەت دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناوەندی ئەرشیف و توێژینەوەی پەرتووکخانەی ژنی کورد بەرزڕاگیرا.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا سەیوان ڕۆستەم چالاکوانی بواری ژنان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ ڕۆژێکی گرنگە لە مێژووی ڕۆشنبیری ژنی کوردا، ناوەندی ئەرشیف و پەرتووکخانەی ژنی کورد، ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی کەلتوور و مێژووی ژنانی کورد، بەژنانی هەموو بەشەکانی کوردستانەوە.

هەر لە مەڕاسیمەکەدا، بە شکۆوە شەهید ناگیهان ئاکارسەل بەبیر هێنرایەوە و ئاماژەیان بەوەدا، لەم یادەدا پێویستە ڕۆڵی شەهید ناگیهان ئەکارسەل لەبیر نەکەین کە خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی ئەم ناوەندەبوو لەو پێناوەشدا دەستی تیرۆری دووژمن شەهیدی کرد .

هەر لە مەڕاسیمەکەدا چەند پارچە موزیک و گۆرانییەک پێشکەش بە ئامادەبوان کرا، هاوکات بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و خەباتی شەهید ناگیهان ئەکارسەل نمایش کرا.

سەبارەت بە گرنگی هەبوونی ناوەندێکی لەوشێوەیە تایبەت بە ژنان کنێرعەبدوڵا نووسەر و چالاکوان بە ڕۆژنیوزی وت: هەرنەتەوەیەک بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی مێژووی خۆی دەبێت لە کۆکردنەوەی ئەرشیفەوە دەست پێ بکات، گرنگی ئەم ناوەندەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هیوادارین بتوانین لە ئاست ئەو خەونەدابین کە ژن خاوەنی ئەرشیفی خۆی بێت و بە بیرکردنەوەی ژن مێژوو بنووسرێتەوە، کارەکە چەند گرنگە ئەوەندەش قورسە.

وتیشی: لەم ساڵیادەدا ئەرکی هەموو ژنانە کە هاوکاربن لە دەوڵەمەندکردنی ئەم ناوەندەدا.

هاوکات فەوزیە ساڵح چیرۆکنووس وتی: ئەم ناوەندە خزمەت بە ژن و چالاکییەکانی دەکات، کە پێشتریش زۆر کار بۆ ئەوە دەکرا، ژن بێتە ناو شۆڕش و بەشدرا بێت لە دژی ئەو چەوساندنەوانەی لە دژیان دەکرێت هەڵوێستی خۆیان هەبێت، هەبوونی ناوەندی ئەکادیمی لەم شێوەیەش کار بۆ ئەوە دەکات پێگەی ژن بگەڕێننەوە کە لێ سەندراوە.

گەڕانەوە بۆ سەرەوە