خەونی ناگیهان ئاکارسەل کردنەوەی ” کتێبخانەی ژنان ” بوو. لە دوای شاری سلێمانی باشوری کوردستان، ئەمجارەیان لە شاری وان لە ژێر ناوی ” ناوەندی لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنان” کرایەوە. سەدان کتێب لە بوارەکانی مێژوو، ئەناتۆمی، فەلسەفە، ئەدەب و ئایدۆلۆژیا لەو ناوەندە لە چاوەڕوانی خوێنەرانی ژنن.
شارەوانی وان لە ٧ی کانوونی دووەمدا ئەمساڵدا ” ناوەندی لێکۆڵینەوە و کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنان” لە شارۆچکەی ئاککۆپرۆی ناوەندی ناوچەی توشبا کردەوە. ئەو کتێبخانەیە کە خەونی ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژی ناگیهان ئاکارسەل بوو کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سیلێمانی تیرۆر کرا.
ئەیلەم ئاکتی ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری ژنۆلۆژی ئاماژەی بەوەدا کە کتێبخانە و ناوەندی توێژینەوەی کارەکانی ژنان بۆ ئەوە کراوەتەوە کە فەزایەک بێت بۆ ژنان کە بخوێننەوە، لێکۆڵینەوە بکەن و هەروەها وەک ناوەندێکی پاراستنی یادەوەریش کاردەکات.
بۆ فراوانکردنی دەرفەتی خوێندنەوە
ئایلەم ئاکتی سەبارەت بەو کتێبانەی کە لەسەر ڕەفەکانی کتێبخانەکە دانراون، وتی؛ ” کتێبەکان بە پێی پێشنیارەکان هەڵبژێردران. هەندێک لە ژنە نووسەران کتێبی خۆیان بۆ پشتگیریکردن هێنا. ئەو کتێبانەی ئێستا لە کتێبخانەکەدان تەنها بەشێکن، لەوە زیاتریش هەیە. پێشنیار و لیستی کتێبەکان بەردەوام دێن. کتێب هەیە کە پانتاییەکی فراوانی هەیە، لە چیرۆکی ژنانەوە تا کتێب لەسەر ئەناتۆمی. ئاماژەی بەوەشکرد کە؛ ” کتێبی نووسەرانی بزووتنەوەی ژنان، کتێبی کوردی، کتێبی ئایدیۆلۆژی ژنان کە بەشدارییان لە بزووتنەوە فێمینیستەکاندا کردووە، هەروەها چەندین کتێبی تایبەت بە مێژووی ژن هەیە”.
لە ڤرجینیا ۆولف بۆ ناگیهان ئاکارسەل
ئاکتی خەونی ناگیهان ئاکارسەلی بۆ کردنەوەی ” کتێبخانەی ژنان”، بەم شێوەیە دەربڕی: ” ئەو ناوەندەی لێرە کرایەوە درێژەپێدەری کتێبخانەی ژنانە کە لە سلێمانی لەلایەن هاوڕێیانی ناگیهان ئاکارسەلەوە کرایەوە”. کردنەوەی ناوەند بەو مانایەیە کە ئێمە ئەو ژنانەمان لەیاد نەکردووە و لەیادیان ناکەین کە لە زیندان و مەیدانەکاندا هاورێکانی ناگیهان بەردەوامن لە تێکۆشان. جگە لەوەش ڤرجینیا ۆولف کە پێگەیەکی گرنگی هەیە لە مێژووی فێمینیستەکاندا، پڕۆژەیەکی کتێبخانەی ژنانی هەبوو بە ناوی ‘ژووری ژنان’. ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەک هاوڕێیانی ڤرجینیا ۆولف و ناگیهان ئاکارسەل بەردەوام دەبین لە بەدیهێنانی خەونەکانیان”.
ئاکتی هەروەها وتی؛ بەم زووانە پڕۆژەی کتێبخانەی گەڕۆکی ژنان دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت درک بە گرنگی دامەزراوە ناوازەکانمان بکەین. پێویستە لەم دامەزراوانەدا کۆببینەوە و نیشانی بدەین کە پشتگیرکردنی یەکتر چەندە بەنرخە”.