حەپسە خان کچی مەعرووف بەرزنجی و نەوەی کاک ئەحمەدی شێخ و لە ساڵی 1891دا لە سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە. مەعرووف بەرزنجی باوکی «نەقیب» بووە. ئەم پلەی نەقیبی یەشی لەلایەن حکومەتی عوسمانییەوە پێبەخشراوە بەو ھۆیەوە کە نوێنەری سادات و شێخان بووە.
حەپسەخانی نەقیب ژنێکی سیاسەتوان و خێرخواز و چالاکی مافی ژنانی بوو. ئامۆزای شێخ مەحموودی حەفید و ھاوسەری شێخ قادری حەفید (برای شێخ مەحموود) بوو. دیوەخانەکەی حەپسەخان ھەردەم پڕ بووە لە ژنانی سلێمانی و دەوروبەری. ھەر ژنێک تووشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان دارایی ئەبوو یان زۆری لێ دەکرا، پەنای ئەبردە بەر حەپسەخان. ھەروەھا، ئەو ماڵەکەی خۆی کردبووە خوێندنگا بۆ ئافرەتان. ئەوە یەکەمین قوتابخانەی ئافرەتان بووە لە سلێمانی و لە ھەموو کوردستاندا.
ساڵی 1932 کە سمکۆی شکاک ھاتە سلێمانی و پێشوازیی لێ کرا، ژنانی سلێمانی بە کاریگەریی حەپسەخان ڕۆڵی بەرچاویان ھەبووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەکان.
لە 28ی حوزەیرانی 1930 یەکەمین کۆمەڵەی ژنان بە ناوی کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد بە سەرۆکایەتیی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە. حەپسەخانی عیرفانە فەنی – خێزانی جەمیل سائیب – سکرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە.
بێگومان دروستکردنی کۆمەڵەیەک لەلایەن ژنێکەوە بۆ داکۆکی کردن لە ماف و داواکانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا، نموونەیەکی کەم وێنەیە، تەنانەت لەو ڕۆژگارەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
ساڵی 1930 نامەیەکی سیاسیی مێژوویی بۆ ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ نووسی و ڕاشکاوانە داوای مافی کوردی کرد لەسەر خاکی کوردستان کە دەنگێکی باشی دایەوە.
کاتێک کە کۆماری کوردستان دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد. قازی موحەممەد سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.
حەپسە خان لە تەمەنی 62ساڵیدا، لە ڕۆژی 12ی نیسانی 1953، بە نەخۆشی شێرەپەنجە کۆچی دوایی کرد و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

