ژیلا حوسێنی

ژیلا حوسێنی لە ٢٢ی ئەیلوولی ١٩٦٤  لە شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر، هونەر دۆست و ڕۆشنبیردا له دایک بووە.

هەر لە تەمەنێکی بچووکەوە بەهرەی ژیلا بووەتە جێگای سەرنجی مامۆستایانی وێژە و ڕۆڵیان لە هاندان و پشگیریکردنیدا هەبووە.

هۆنراوەکانی ژیلا ڕەنگدانەوەی سەردەمی نوێ و پرسە کۆمەڵایەتییەکان بووە، هەروەها یەکێک بوو لەو هۆنەرانەی کە هەستیارترین پرسەکانی کۆمەڵگەی دەوروژاند، چونکە هۆنراوەکانی بۆ نیشاندانی چەوساندنەوەی ژنان و مافی ژنان لە کۆمەڵگەی پیاوسالاری ساڵانی ٥٠ و شەستەکاندا تەرخان کردووە و توانی کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەڵک دروست بکات.

یەکەم ئاواز و نووسینەکانی ژیلا بە زمانی فارسی بوون و ئەمەش تا ساڵانی ١٩٨٤ بۆ ١٩٨٥ بەردەوام بووە، کاتێک ژیلا لە بەشی کوردیی ڕادیۆی سنە لە بەرنامەی (ئێمە و گوێگران) دەستی بە کار کرد، بووە پاڵنەرێک بۆی کە دەست بە نووسینی بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی بکات.

هۆنراوەکانی ڕەنگدانەوە چەمکەکانی ژن و پرسی مافی ژنان، وێژەی کوردی مۆدێرنیستی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری بوو، ژیلا لە بواری نیشتمانپەوەریشدا دەینووسی و پرسی نەتەوەیی ونیشتمانی و کیمیابارانی هەڵەبجەش هەوێنی بەشێک لە هۆنراوەکانی بوو.

هۆنراوەکانی ژیلا، هێڵی ڕەنگاوڕەنگی سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێ و زمانێکی نوێی نووسین بوو، بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە دەربڕینی پرسەکانی پەیوەست بە ژیانی خەڵکدا دروست ببێت.

ژیلا لە کۆڕ و کۆبوونەوە وێژەیی و کولتوورییەکاندا بە تایبەت لە ئەنجومەنەکانی شاری سنە و سەقز بەردەوام بەشداری دەکرد، دیوانە هۆنراوەکانی (گەشەی ئەوین، قەڵای نهێنیەکان، داوای لێبوردن و قەڵای ڕاز) بەشێک لە بەرهەمەکانین و چەندین شیکردنەوەی لەسەر ژیان و هۆنراوەی هۆنەرانی هاوچەرخ نووسیوە، بەشێک لە بەرهەمەکانیشی بە چاپ نەگەیەندراوە.

ژیلا لە بەرەبەیانی ٢٧ی ئەیلوولی ١٩٩٦ لەگەڵ بنەماڵەکەی، کە دەیانویست بۆ بینینی شێرکۆ بێکەس بچنە شاری تاران لە رێگادا تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبن و ژیلا حسێنی گیان لە دەست دەدا و لە گۆڕستانی دۆزەغەرە لە شاری سەقز بە خاک دەسپێردرێت.

گەڕانەوە بۆ سەرەوە