هۆزان مزگین

هونەرمەند مزگین ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بلەیدەر سەربە ئێلح لەدایکبوو، پێش کودەتای ساڵی ١٩٨٠ بەشداری تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو، لە ئێلح ئەو کاتە بزووتنەوە و سەندیکا کرێکارییەکان خەباتێکی بەهێزیان بەڕێوەدەبرد، لەوکاتەشدا هەریەک لە مەزڵوم دۆغان و مەعسوم کۆرکماز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لەو ناوچەیەدا خەباتی ڕێکخستنی تەڤگەری ئازادییان لە ئیلح بەرفراوان دەکرد، هەر ئەو کاتە هۆزان مزگین لەگەڵ گرووپێک لە گەنجان بەشداری پەکەکە دەبێت و دەبێتە یەکەم ژن کە لەو هەرێمەدا بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە ببێت.

شەهید مزگین لە ناو یەکەمین گرووپی خوێندکاراندا دەبێت، کە بۆ خولێکی پەروەرەدەی ئایدۆلۆژی بزووتنەوەی ئاپۆیی ڕوو لە کامپی پەروەردەیی “بیقاع” لە لوبنان دەکات، دوای پەروەردە، بۆ ڕێکخستنی خەباتی کلتور و هونەر لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ هۆزان سەفکان دەچێتە ئەوروپا و لەوێ پێکەوە بەردی بناغەی “هونەرکۆم” و “گرووپی بەرخۆدان” دادەنێن.

لەو ساڵانەدا بە گۆرانییەکانی، کە باس لە بەرخۆدانی و ژیانی زەحمەتی کوردی دەکرد، بە گۆرانییەکانی “چەمی هێزل، گوندینۆ هاوار” دەنگی خۆی دا بە گوێی هەر کوردێکی ئازادییخواز و وڵاتپارێزدا.

هۆزان تەنها لە خەباتی کلتوریدا نەمایەوە، بۆ زیاتر خۆناسین و بەڕێکخستنکردنی زیاتری ژنانی کورد، کە کۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا بوون، تێکۆشان دەکات و بەشداری ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی یەکێتی ژنانی وڵاتپاریزی کوردستان دەبێت، دوای دامەزراندنی یەكێتییەکە دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەری یەکێتییەکە لە ئەوروپا، بەو پێیەش هەم بەرپرسیارێتی خەباتی کلتوری و هەم خەباتی ڕێکخستنی دەکەوێتە سەر شان و لە ئاواکردنی گرووپی هونەریدا و پێشەنگایەتی لە گرووپی بەرخۆدان دەکات، زۆر لە بەرهەمە هونەرییەکانی کە تا ئێستاش ماونەتەوە، لە بەرهەمەکانی ئەو سەردەمەن.

پاش خەباتی هونەریی لە ئەوروپادا، هۆزان مزگین لە سەختترین کاتدا بۆ ڕێکخستنی ژنانی کورد ڕووی لە باکووری کوردستان کرد، وەک یەکەم فەرماندەی ژن لە تەڤگەری ئازادیی ژناندا، دەکرێتە فەرمانداری هەرێمی گارزان، بە ڕەنج و تێکۆشانەکەی سەرەتا کاریگەریی دەکاتەسەر ژنان و دواتریش کاریگەریی لەسەر هەموو خەڵکی تەتوان بەجێهێشت، ئەوەندە ڕێکخستنکردنی ژنانی بەلاوە گرنگ بوو، هەرکاتێک پێویست بوایە سەرباری مەترسییەکان، سەرپۆشی ڕەشی دەدا بەسەریدا و کوچە و کۆڵانەکانی تەتوانی تەی دەکرد و ژنانی بەڕێکخستن دەکرد.

لە ١١ـی ئایاری ١٩٩٢ـدا لە کاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر ئەو ماڵەی لێی مابووەوە لە تەتوان، تا دوا دڵۆپ شەڕ دەکات و لە کۆتاییدا چالاکی گیانبازیی ئەنجام دەدات، دوای شەهیدبوونی هۆزان مزگین، هۆکارێکی نوێی بۆ تێکۆشانی ژنان دەستیپێکرد، پێش هەموو شتێک ژنانی تەتوان، کە بە دەنگ و هەبوونی هۆزان مزگین سەرسام بوون، خۆیان ناونا مزگین و بەشدارییان لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا کرد، دوای شەهیدبوونیشی ئەو منداڵانەی کە لەدایکدەبوون ناوی مزگینیان لێدەنرا و دەبوونە مزگێنی ڕۆژێکی ئازاد و درێژە بە تێکۆشانەکەی مزگین درا.

گەڕانەوە بۆ سەرەوە