لەیلا قاسم

لەیلا قاسم؛ نیشانەی خەبات و بوێریی ژنێکی کورد

لەیلا قاسم یەکێکە لە ناسراوترین کچە چالاکە سیاسییەکانی مێژووی هاوچەرخی کورد، کە ناوی بە خەبات بۆ ماف و ئازادیی گەلی کورد و بە بوێری لەبەرامبەر ڕژێمی بەعسی عێراقدا بەستراوەتەوە. ئەو ساڵی ١٩٥٢ لە ناوچەی خانەقین لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی و دوانەوەندی خۆی هەر لەو شارەدا تەواو کردووە، دواتریش لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلیژی ئادابی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە. خوێندن لە بواری کۆمەڵناسیدا وای کردبوو کە لە نزیکەوە لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگەی کورد تێبگات و بەشداریی زیاتر لە چالاکییە سیاسییەکاندا بکات و ببێ بە ژنێکی شۆرشگێر.

لەیلا قاسم لە خێزانێکی کورد و نیشتمانپەروەر لە خانەقین گەورە بوو، لە خێزانەکەیدا سێ براو خوشکێکی هەبووە. باوکی ناوی قاسم حەسەن بووە و لە کۆمپانیای پالاوگەی نەوتی ئەڵوەند کاری کردووە.

لەیلا لە سەرەتای گەنجییەوە پەیوەندی بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردەوە کرد. لە ساڵی ١٩٧٠ بووە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە نێو قوتابییە کوردەکانی زانکۆی بەغدا چالاک بوو.

لەیلا قاسم لە ڕێکخستن و وشیارکردنەوەی قوتابییە کوردەکاندا ڕۆڵێکی دیاریکراوی هەبووە. لەو سەردەمەدا کە بەشداریی ژنان لە چالاکیی سیاسی و نەتەوەییەکاندا زۆر سنووردار بوو، لەیلا بە بوێرییەوە بەشداریی خۆی بەردەوام کرد و نیشانی دا کە ژنانیش دەتوانن لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕن.

لە ساڵی ١٩٧٤ و لەگەڵ توندبوونەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان و شەڕ لە نێوان حکومەتی عێراق و بزووتنەوەی کورد، چاودێریی دەزگاکانی ئەمنیی ڕژێم بەسەر چالاکانی کورددا زیاد بوو.

لەگەڵ بەرفراوانبوونی شەڕەکان لە ساڵی ١٩٧٤دا، دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕێژیمی بەعس بەردەوام و زۆر بەتوندی چاودێری یەک ‌بە یەکی تاکەکانی کوردییان دەکرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی ١٩٧٤/٠٤/٢٨دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕێژیم لە بەغدا دەستگیرکران. ڕۆژنامەی الصورەی زمانحاڵی ڕێژیمی بەعسی دەسەڵاتدار و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نێوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێڕەشێوێن و تیرۆریست بەناو کرد، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەکیشیان بچووکترین کردەوەشیان لەسەر ئاشکرا نەبوو.

لەیلا لە وەڵامی پرسیارەکانی بەڕێوەبەری دەزگای ھەواڵگری بەعسدا بێ باکانە ڕایگەیاندبوو: «بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم.» ھەموو ئازار و ئەشکەنجەیەک نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

ڕژێمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری کورد یەکسەر دوای دەستگیرکردنیان دادگایەکی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەرکرد.

ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، کە کاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٢ی ئایاری ١٩٧٤، لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکی نەجەف شاردرایەوە. سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەک دوای لەسێدارەدانی لەیلا ھەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەکانەوە کوژرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە کە وێنەی لەیلای خوشکی ناردبوو بۆ دەستی قوتابیانی کورد و ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایک و باوکی لەیلا قاسمیش بەھۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، ھەر زوو بە کۆست و خەمێکی گەورەوە سەریان ناوەتەوە و کۆچی دواییان کردووە.

ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە کوردستاندا بڵاو بۆوە. ھەروەھا ھەندێک لە چاپەمەنییەکانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەک لەسێدارەدانی یەکەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوکردۆتەوە

میراتی لەیلا قاسم تەنها بە چالاکییە سیاسییەکانی سنووردار نییە. ناوی ئەو لەگەڵ ڕۆڵی ژنان لە خەبات و بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکاندا پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە.

ئەو بۆ نەوەیەک لە ژنانی کورد بووە نموونەی ئەوەی کە ژن دەتوانێت لەگەڵ پیاوان بەشداریی چالاکیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بکات و لە هەمان کاتدا دەنگی خۆی بۆ ماف و ئازادی بەرز بکاتەوە.

 

 

 

گەڕانەوە بۆ سەرەوە